عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك دەنگۆیەك لەبارەی گفتوگۆی ژێربەژێری گۆڕان و یەكێتی ئاشكرادەكات

21/05/2019

نەوا
عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت "دەنگۆی ئەوە هەیە گۆڕان بەنیازە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و وەرگرتنی پۆستەكانی لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێت و پشت لە پارتی بكات".
عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك، كە پێشتر ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بو، بۆ دەنگی ئەمریكا وتویەتی "لەئێستادا دەنگۆ و زانیارییەك هەیە كە ئێمە بەدواداچونی بۆ دەكەین بۆئەوەی بگەینە راست و دروستی، دەنگۆكەش ئەوەیە بەنێوانگیری و ئاگاداری بەرهەم ساڵح، یەكێتی و گۆڕان ژێربەژێر گفتوگۆ دەكەن بۆئەوەی بگەنە رێككەوتن، گفتوگۆ و رێككەوتنەكەش راستەوخۆ ماڵی تاڵەبانی ئەنجامی دەدەن بەو جۆرەیە یەكێتی بەتەواوی داوا دەكات گۆڕان لە پارتی دوربكەوێتەوە و پشتی لێبكات و بچێتە پاڵ یەكێتی، چونكە یەكێتی دەیەوێت هاوسەنگی هێز بەرامبەر پارتی راستبكاتەوە هەروەك چۆن لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا هەبوو، لەبەرانبەردا بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگای كوڕەكانی كاك نەوشیروان و ماڵی تاڵەبانی-یەوە لە حەقی  تەقەكردن لە وێنەكەی نەوشیروان مستەفا و گردەكە ملیۆنێك دۆلاریان پێشەكی پێبدرێت و مانگانەش (25) دەفتەر دۆلارەكەی خۆیان وەربگرنەوە لە یەكێتی، لەڕاستیدا داواكاری سەركردایەتی ئێستای گۆڕانیش ئەوەیە لە هەردوو بەرەكە بخوات و مامەڵەكە زیاتر ئێستا لەسەر پارەیە".
وتوشیەتی "بەگشتی سەركردایەتی گۆڕان لەگەڵ ئەوەن ئەم بابەتە بە شاراوەیی بمێنێتەوە تا كابینەی حكومەت پێكدێت گۆڕان پلە و پۆستەكانی خۆی بەتەواوی وەربگرێت، چونكە لەكاردانەوەی خراپی پارتی دیموكراتی كوردستان دەترسن لە ئەگەری ئاشكرابونی ئەم گفتوگۆ و رێككەوتنە نهێنییە، چونكە ئەگەرەكان ئەوەیە دوای پێكهێنانی حكومەت گۆڕان لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوێت و پشت لە پارتی بكات". 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group