نه‌وا
یاسین مه‌حمود وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان ده‌ڵێت "له هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌ی خه‌وتوو، كه پێویسته زه‌كاتی لێده‌ربكرێت له سه‌روو 20 ملیار دۆلاره‌وه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می سه‌رمایه‌داره‌كان زه‌كات له سه‌رمایه‌كانیان ده‌رده‌كه‌ن و هاوكاری خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌خۆش و كه‌مده‌رامه‌ت ده‌كه‌ن".
یاسین مه‌حمود ده‌ڵێت "له ساڵی 2006ه‌وه ئاستی دارایی سه‌رمایه‌دارانی هه‌رێمی كوردستان به‌رزبونه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌بینی و تا ساڵی 2013 ژماره‌كان زۆر ده‌گۆڕا و زۆر شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ش له دروستبوونی سه‌رمایه‌داری ملیۆنێر روویدا، كه هه‌ندێك كۆمپانیا سه‌رمایه‌كانیان گه‌یشته سه‌روو یه‌ك ملیار دۆلار، به‌ڵام له دوای ساڵی 2013 و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كان به‌شێك له سه‌رمایه‌دار و كۆمپانیاكان به ئه‌ندازه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو مایه‌پوچ بون".
وتیشی "له هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌ی خه‌وتوو، كه پێویسته زه‌كاتی لێده‌ربكرێت له سه‌روو 20 ملیار دۆلاره‌وه‌یه، ئه‌و پاره‌یه له لای سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌ند و حزبه‌كانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له ساڵانی رابردو له هه‌رێمی كوردستان بیندراوه زه‌كاتی دوو ملیار دۆلاریش نادرێت، به‌وپێیه له‌سه‌دا 90ی سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كوردستان زه‌كات له سه‌رمایه‌كانیان به‌پێی پێویست ده‌رناكه‌ن".
سه‌باره‌ت به هۆكاری ئه‌وه‌ش، یاسین مه‌حمود وتی "كێشه‌كه له‌وه‌دایه سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و لاوازی سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ئه‌وه‌بووه نه‌مانتوانیوه فه‌رهه‌نگی خه‌ڵك و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ئاوێته بكه‌ین له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی خه‌ڵك و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی وڵاتانی هاوشێوه و ئیسلامی، ئه‌وه‌ش زیانی گه‌وره‌ی به هه‌ژاران و نه‌داران گه‌یاندووه، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات و نه‌بوونی سندوقی زه‌كات و ده‌زگایه‌كی زه‌كات له هه‌رێمی كوردستان".
وته‌بێژی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان باس له‌وه‌شده‌كات، له كۆی ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ند و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی له‌لای رێكخراوه‌كه‌یان تۆماركراوه رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌میان زه‌كات له سه‌رمایه‌كانیان ده‌رده‌كه‌ن، كه ئه‌وه‌ش ناگاته له‌سه‌دا 7 بۆ 8ی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌كان له كاتێكدا له به‌شێك له وڵاتانی دیكی ئیسلامی سه‌رمایه‌داران له كاتی وه‌رگرتنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كدا ناچار ده‌كه‌ن به ئاشكراكردنی لیستی ده‌ركردنی زه‌كات له سه‌رمایه‌كانیان.
ئه‌و هه‌روه‌ها وتی "ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك و ته‌نها له‌سه‌دا 70ی زه‌كاتی سه‌رمایه‌داره‌كان بدرێت له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا ساڵانه بوودجه‌ی زه‌كات له هه‌رێم ده‌گاته زیاتر له 250 ملیۆن دۆلار، ئه‌وه‌ش بوودجه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و خزمه‌تی گه‌وره به كه‌سانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و نه‌خۆش ده‌كات".
یاسین مه‌حمود به نیگه‌رانییه‌وه باس له بابه‌تی زه‌كات و ده‌ركردنی زه‌كات له سه‌رمایه‌ی سه‌رمایه‌داران ده‌كات و ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه بابه‌تی زه‌كات له هه‌رێمی كوردستان زۆر خراپه و به هۆی پێ نه‌دانی زه‌كاته‌وه رێژه‌ی هه‌ژاری ساڵ له دوای ساڵ به‌رزتر ده‌بێته‌وه، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر حكوومه‌تێكی دادپه‌روه‌ر بێته پێشه‌وه و لێپێچینه‌وه بكات له‌وه‌ی به‌شێك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌كات ناده‌ن بوونه‌ته قۆرخكار به‌سه‌ر هه‌ژارانه‌وه و وه‌ك پرد به‌سه‌ریاندا ده‌په‌ڕنه‌وه بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و پاره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكانی كهمدهرامهتیان به ناوی دروستكردنی خانووبه‌ره‌وه بردووه".
وته‌بێژی یه‌كێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه، رێژه‌ی هه‌ژاری له هه‌رێمی كوردستان زیاتره له‌و رێژه‌یه‌ی بڵاوده‌كرێته‌وه و ده‌گاته له‌سه‌دا 20ی دانیشتوان، هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری خه‌ڵك پێویستی زۆری به هاوكاری هه‌یه تاوه‌كو جه‌ژن بكاته‌وه.
زه‌كات له زمانی عه‌ره‌بیدا، به‌مانای گه‌شه‌كردن و پاككردنه‌وه و زۆربوون دێت، خوای گه‌وره له‌سه‌ر موسڵمانانی فه‌رز كردووه له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی پێی به‌خشیون ساڵانه به‌شی هه‌ژار و كه‌سانی كه‌مده‌رامه‌تی لێده‌ربكه‌ن و هاوكاریان بكه‌ن.
لیژنه‌ی باڵای فه‌توا له هه‌رێمی كوردستان بڕی زه‌كاتی وا دیاری كردوه، كه هه‌ر كه‌سێك بڕی دوو ملیۆن و 500 هه‌زار دیناری هه‌بێت و ساڵێكی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕبوبێت ئه‌وا له هه‌ر یه‌ك ملیۆن دینار، 25 هه‌زار دینار زه‌كاتی ده‌كه‌وێت.