لیژنەی نەزاهە داوا دەكات پەلە بكرێت لە وەرگرتنی د.نەجمەدین كەریم لە ئینتەرپوڵ

27/05/2019 عێراق

نەوا
حسێن شاكر ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عیراق داوا لە ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەكات، پەلە بكات لە وەرگرتنی د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ.
حسێن شاكر لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "پێویستە ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی گەندەڵی سەرجەم ئەو داواكاریانەی هەن بۆ رێككەوتن لەسەر دۆسێی گەندەڵكاران بەرانبەر دۆسێی سیاسی و دارایی، رەتبكاتەوە".
دەشڵێت "پێویستە ئەنجومەنەكە پەلە بكات لە وەرگرتنەوەی د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ، ئەو نێوەندگیریەی هەندێك سیاسی-یش دەیكەن بۆئەوەی ناوبراو رادەستی بەغدا نەكرێت، بەهیچ شێوەیەك سەرناگرێت ئەگەر هەوڵی بەردەوامی حكومەن هەبێت بۆ وەرگرتنەوەی".
د.نەجمەدین كەریم بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی لەلایەن دادگای عیراقییەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركراوە و لە چەند رۆژی رابردوشدا لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریری لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستگیركرا، بەڵام بەكەفالەت ئازادكراوە و دەستبەسەر پاسپۆرتەكەیدا گیراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group