داواكاری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بۆ خەرجكردنی بودجەی پڕۆژەكان پەسەندكرا

11/06/2019
ناو هۆڵی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك

نەوا
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەواژۆی 23 ئەندام داواكارییەكانی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی بۆ خەرجكردنی بودجەی پرۆژەكان پەسەندكرد و داواش كرا بودجەی پترۆدۆلار بۆ ساڵی 2019 نەگەڕێنرێتەوە بەغداو بۆ پرۆژەكانی شارەكە خەرجبكرێت.
لەو بارەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند،"رۆژی سێشەممە بە واژی 23 ئەندامی ئەنجومەن بڕیاردرا لەسەر دو پلانی ئەنجومەنەكە بۆ بودجەی ساڵی 2019 كە بەداخەوە زۆر دواكەوتوین".
وتیشی،"یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنمان ئامادەنەبونی بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بون لە كۆبونەوەكاندا".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك وتیشی،" لەلایەن لیژنەی پرۆژەكانی كەركوكەوە، 129 تێبینی نوسراوە لەسەر پلانی پرۆژەكان بۆ ساڵی 2019، بەو شێوەیەش پرۆژەكە پەسەندكرا، بۆیە دەبێت ئیدارەی شارەكە پابەندبێت بەو بڕیارانەوە كە پەسەندكران ".
لای خۆیەوە كاكەرەش سدیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە: ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنرایە دوو رێگە دەمایەوە، ئەویش سەرپشككردنی پارێزگار بوو بۆ خەرجكردنی پارەكە لەلایەن بەغداوە یان جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەلایەن وەزارەتەكانەوە راستەوخۆ، ئەوەش نایەكسانی دروستدەكات و چاودێری لەسەر نەدەما.
ئەنجومەنی پارێزگا، پێشتر ناكۆكی زۆری هەبوو لەسەر داواكارییەكی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بۆ رەزامەندی ئەنجومەن یاخود واژۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ خەرجكردنی 63 ملیار دینار لە بودجەی پترۆدۆلار بۆ پرۆژەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group