پێشنیارێكی دیكەی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرا دەكرێت

پێش 2 هەفتە
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا-كاروان مەحمود
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  خاڵەكانی ناوەڕۆكی ئەو راپۆرتە بۆ نەوا ئاشكرا دەكات كە دەبرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەوەش دەڵێت: "ئەگەر مووچە نەگاتە فەرمانبەران دەكرێت حكومەتی فیدراڵ پارەكە رەوانەی پارێزگاكان یاخود فەرمانبەران بكات راستەوخۆ".
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوای ئەوەی لە رابردوو داواكرا وەزیری دارایی حكومەتی عیراق میوانداری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە بەرانبەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بەبێ بەرانبەرو لیژنەی دارایی میوانداری وەزیری دارایی كردوو دواتر لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داواكرا راپۆرتێك لەوبارەیەوە ئامادەبكرێت، باسی لەوەشكرد، لە دوو رۆژی رابردوو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران راپۆرتێكی ئامادەكردووەو بڕیارە لە دانیشتنی رۆژی پێنج شەممە قسەی لەسەر بكرێت ئەوەش بەرانبەر ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر ئەوەی كە هەرێم پابەندی رادەستكردنی نەوت نەبووە تەنانەت هەوڵ هەبوو بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانیش، چونكە ئەو پارەیەی رەوانە دەكرێت ناگاتە دەستی فەرمانبەران و ئەوەش وەزارەتی داراییش پشتڕاسیتكردەوە، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەكردو رێگەمان بەوە نەدا.
ئەوەشی وت: "لە راپۆرتەكەی كە ئامادەمانكردووە باس لەوەكراوە پێویستە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمیش بە ئەركی خۆیان هەستن و پابەندی رێككەوتنەكە بن، هەروەها ئەو پارەیەی بۆ مووچە رەوانە دەكرێت بدرێتە فەرمانبەران ئەگەر نەدرایە فەرمانبەران ئەوا حكومەتی عیراق بژاردەی دیكەی بەكاربهێنێت و پارەكە بنێردرێتە پارێزگاكان و یاخود راستەوخۆ بدرێتە فەرمانبەران".
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: "لە راپۆرتەكەدا ئەوەش باس كراوە كێشەی سەرەكی كێشەی نەوتەو بەبۆچوونی لیژنەی داراییش، یاسای نەوت و گازی عیراق رێگە چارەیەكی باشە تاوەكو پەرلەمانی عیراق كاری لەسەر بكات  رەوانەی حكومەتی بكات بۆ ئەوەی كاری پێ بكرێت".
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دڵنیاییدا لە بەردەوامی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ئاشكرا وتی كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راناگرین و بەردەوام دەبێت، بەڵام بودجەی هەرێم رەوانە ناكرێت تا وەكو هەرێمی كوردستان پابەندی رادەستكردنی نەوت نەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group