جەنەراڵێكی ئێرانی: دەتوانین هەر فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا بخەینە خوارەوە

24/06/2019 جیهان
جەنەرال حسێن خانزادی فەرماندەی هێزی دەریاوانیی ئێران

نەوا
جەنەرال حسێن خانزادی فەرماندەی هێزی دەریاوانیی ئێران دەڵێت "توانامان هەیە هەر فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا بخەینەخوارەوە".
جەنەراڵ حسێن خانزادی لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی تەسنیم وتی "دوژمن (ئەمریكا) لە ماوەكانی رابردودا فڕۆكەیەكی زۆری بێفڕۆكەوانی پێشكەوتوی رەوانەی ناوچەی قەدەغەكراو كردوە، بەڵام هەمووان بینیان چۆن دوایین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەی ئەمریكا خرایەخوارەوە".
فەرماندەی هێزی دەریاوانیی ئێران وتیشی "هەموو كات ئەمە وەڵاممان دەبێت، دوژمنیش باش درك بەمە دەكات".
چەند رۆژێك لەمەوبەر فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئێرانەوە خرایەخوارەوە.
دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەش، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبو، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، بڕیاری هێرشكردنەسەر ئێران درابوو، بەڵام 10 خولەك بەر لەوادەی ئەنجامدانی هێرشەكە، بڕیارەكەی راگرتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group