روسیا: ئەمریكا و ئێران قایل دەكەین

26/06/2019 جیهان
سێرگی لاڤرۆڤ و عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان

نەوا
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بەمەبەستی كۆتاییهێنان بەو گرژییەی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئەمریكا و ئێران بە گرتنەبەری رێگای دیالۆگ قایل دەكەن. 
سێرگی لاڤرۆڤ لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، باسی لە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كرد. 
لاڤرۆڤ جەختی لەوەكردەوە كە ئەمریكا و ئێران بە ئەنجامدانی دیالۆگ قایل دەكەن و رایگەیاند: "هاوتا ئەمریكی و ئێرانییەكانمان قایل دەكەین بەوەی لەو دۆخە مەترسیدارە دووربكەونەوە و بەشێوەیەكی مەدەنی لەرێگەی دیالۆگەوە كێشەكانیان چارەسەربكەن. بەدڵنیاییەوە ئەمە بە مانای كۆتاییهێنان بە سیاسەتی هۆشداریی پێدان و سزاكان دێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا تیشكی خستەسەر ئەوەی كە وڵاتەكەی پێشنیاری كردووە دیالۆگ لە نێوان ئێران و وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداو دەستپێبكرێت و هۆشداریی ئەوەشیدا كە سیناریۆ گریمانەكراوەكانی جەنگ لە دەورووبەری ئێران، رەنگە ببێتە هۆی خوڵقاندنی قەیرانێكی نێودەوڵەتیی.
سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند: "هەمیشە دیالۆگ دەبێتە هۆی دەستەبەركردنی چارەسەری كێشەكان لەرێگەی ئاشتییانەوە، لانیكەم دەرفەتێكی زۆر جددیی دەداتێ. وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداو دەكرێت بەشێوەیەك لە شێوەكان دیالۆگ بەكاربهێنن".
لاڤرۆڤ جەختی لەوەشكردەوە لە حاڵەتی هەڵنەبژاردنی رێگای دیالۆگدا، پەنا دەبرێتە بەر بەكارهێنانی هێز لە ناوچەكە و وتی: "ئەمە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كارەسات دەخوڵقێنێت، قەیرانی نێودەوڵەتیی لێدەكەوێتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group