كەشتییە بەریتانییەكە چۆن لەدەستی سوپای پاسدارانی ئێران رزگاری بوە؟

پێش 1 هەفتە جیهان

نەوا
ئەمڕۆ حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە سێ بەلەمی سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵیانداوە لە نزیك گەروی هورمز لە ئاوی كەنداودا دەستبەسەر كەشتییەكی نەوت گوێزەرەوەی بەریتانیدا بگرن، بەڵام هەوڵەكەیان شكستیهێناوە، تاران-یش ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە.
بەگوێرەی رونكردنەوەیەكی حكومەتی بەریتانیا، سێ بەلەمەكەی سوپای پاسدارانی ئێران لە كەشتی نەوت گوێزەرەوەی "هیریتدج"ی بەریتانی نزیكبونەتەوە و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنیان داوە، بەڵام شكستیانهێناوە.
هەروەها نیگەرانی خۆی لەو هەڵسوكەوتەی دەسەڵاتدارانی ئێران دەربڕیوە و هانیان دەدات دۆخەكە هێوربكەنەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە بڵاویكردوەتەوە، كە بەلەمەكان پێنج دانە بون و كەشتییەكی جەنگی بەریتانی كاتێك بینیویەتی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوت گوێزەرەوەكە دەدەن، هۆشداری پێداون و هەڕەشەی هێرشكردنەسەریانی كردوە، هەربۆیە دوركەوتونەتەوە.
هەروەها ئاژانسەكە لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بڵاویكردوەتەوە، كە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیان بەو بابەتەوە نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group