كێڵگە پەلەوەرییەكانی هەرێم: بەرهەمی ناوخۆیی 100% زیادەیەو پێویستیمان بە دەرەوە نییە

16/07/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵا-هەولێر
رۆژی سێشەممە 16-7-2019 لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر هەرسێ كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای مافەكانیان و پارێزگاریكردنیان لە بەرهەمی ناوخۆیی دەكرد.
لەبارەی ئەو گردبونەوەیە، نازم عەبدوڵا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، گردبونەوەكەیان بەهۆی ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆیی لە 100٪ زیادەو پێویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بۆیە داوای راگرتنی هاوردەكردنی مریشكی بەستوو دەكەن، هەروەها داوای دیاریكردنی نرخ دەكەن بۆئەوەی ئەوان و هاووڵاتیانیش زەرەرمەند نەبن.
دەشڵێت "داوادەكەین حكومەتی هەرێم چاودێری بخاتەسەر ئەو پێویستیانەی بۆ كێڵگە پەلەوەریەكان دێن، هەروەها پارێزگاری لە بەروبومی ناوخۆ بكات".
جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان رونیشیكردەوە، لە جێگەی ئەوەی ئەو پارەیەی وەك باج لە مریشكی بەستوو وەردەگیرێت، ئامادەن خۆیان ئەو پارەیە وەك باج بدەن، بەڵام بەمەرجێك بازاڕێكیان بۆ بكاتەوە و پارێزگاری لە بەروبومی ناوخۆ بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group