رێنمایی تازە بۆ هاوردەكردنی ئامێرەكانی ساردكەرەوە و بەستەر و گازە پێویستەكان دەردەكرێت

16/07/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵا-هەولێر
بەمەبەستی رێكخستنی پرۆسەكانی هاوردەكردنی ئامێرەكانی ساردكەرەوەو گازە پێویستەكان، دەستەی ژینگەی هەرێم و وەزارەتی ژینگەی عیراق رێكدەكەون.
رۆژی سێشەممە 16-7-2019 لە شاری هەولێر شاندی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عیراق و دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم بەسەرپەرشتی ئاژانسی ژینگەی نەتەوە یەكگرتوەكان كۆبونەوە و لەوبارەیەوە ئەندازیار رزگار ئەحمەد بەڕێوەبەر لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم لەلێدوانێكدا بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئەو كۆبونەوەیە لە شێوەی وۆركشۆپدا بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، كە هەرسێ لایەنی كوردستانی و عیراقی و نەتەوە یەكگرتووەكانی تێیدا بەشدارن.
وتیشی "ئامانج لە كۆبونەوەكە دەركردنی رێنمایی تازەیە بۆ هاوردەكردنی ئامێرەكانی ساردكەرەوە و بەستەر و گازە پێویستەكانی وەك گازی سپلیت و بەستەر و بەفرگر و ئۆتۆمبێل، بۆیە ئەم رێنماییانە كاریان لەسەر دەكرێت تا دەربچن".
لەبارەی گرنگی وۆركشۆپەكەش، ناوبراو باسی لەوەكرد، ئەوە پەیوەستە بە رێنماییە جیهانییەكانی تایبەت بە پاراستن و چاكڕاگرتنی ژینگە بەتایبەت لە عیراقدا، كە چەندین جۆر گازی كوشندەی تێدا بڵاوكراوەتەوە بەتایبەتیش لە جەنگی دژەتیرۆر لە ساڵانی 2014 تا 2018.
دەركردنی رێنماییە ژینگەییەكان پێداویستی گۆڕانكاری ژینگەییە وەك بەرنامەیەكی بەرفراوانی هاوكاری نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتوەكان پێشكەش بە عیراقی كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group