هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە لەبارەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك دەكرێت

17/07/2019
دیاری حوسێن جێگری ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك_گەرمیانی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆیە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك و لەهەفتەی داهاتووش كۆبوونەوە دەكرێت لەوبارەیەوە". ئەوەش دەڵێت: "ئەنجومەنی پارێزگا دەنگ بە پارێزگاری شارەكە دەدات و ئەگەر ئەوكاندیدەی دیاریكراوە دەنگی نەهێنا كەسی دیكە دیاری دەكرێت".
دیاری حسێن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، "هیچ كاتێك لەگەڵ گرژی و ئاڵۆزی نەبووین و لەهەوڵی ئەنجامدانی گفتوگۆدابووین و رێگە نەدراوە شەڕەكانی ببێتە شەڕی كوردو عەرەب، بەڵكو شەڕی كوردو دەسەڵات بووە، هەروەها لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی لەگەڵ گفتوگۆدا بووەو لەئێستاشدا كە وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەن مەبەستەكە ئەوەیە، كە چارەسەرەی كێشەكان بكرێت بەپێی دەستور، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ كوردو عەرەب و توركمان و پێكهێتەكان پێكەوە بژین، وەكو چۆن لەهەرێمی كوردستان ئێستا توركمان و مەسیحی پلەو پۆستیان هەیە لە حكومەتی هەرێم، بەهەمانشێوە بۆ ناوچەكانی دیكە بەوجۆرە مەبەستمانە".
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك_گەرمیانی پارتی ئەوەشی ئاشكراكرد، "چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو ئێمەو برادەرانی یەكێتی دانیشتن ئەنجامبدەین و دواتریش لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكان گفتوگۆ بكرێت، هەروەها لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان دانیشتن ئەنجامبدرێت تاوەكو دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوەو كۆتایی بەو دۆخە ناهەموارە بهێنرێت كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە هاتووەتە پێشەوە".
دیاری حسێن جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ئەوەی دەوترێت ساردبوونەوەیەك هەیە بۆدیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، بۆ رادیۆ نەوا وتی: "هیچ ساردبوونەوەیەك نیە گرنگ ئەوەیە ئێمەو یەكێتی گەیشتوینەتە ئەنجامێك تاوەكو پارێزگاری كەركوك دابنرێت و كۆتایی بەو بڕیارە نادەستوریانە بهێنرێت كە لە كەركوك پیادە دەكرێت و ئەو هێزە نامۆیە نەمێنێت و كەركوك بدرێتە دەست كەركوكیەكان بە كورد، عەرەب و توركمانەوەو وەكو پێشتر هەر كێشەیەك هەبێت پەنا ببرێتە بەر پێشمەرگە بۆ پاراستنیان و هەمووان هاوكاری یەكتربن لە پاراستنی دۆخەكە".
سەبارەت بەدیاریكردنی ئەندازیار تەیب جەبار بۆ پارێزگاری كەركوك لەلایەن یەكێتی و پارتییەوەو ئەوەی دەوترێت هەندێك كەسایەتی ناو پارتی رەزامەندییان نەداوە لەوبارەیەوە، دیاری حسێن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا رایگەیاند، "هیچ كێشەیەك لەوبارەیەوە نییەو هەركات دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدانیشتی خۆیدا دەنگی لەسەر دەدات، ئەگەر دەنگیهێنا ئەوە دەبێتە پارێزگاری كەركوك خۆی ئەگەر دەنگینەهێنا كەسێكی دیكە دیاریدەكرێت خۆ لەم وڵاتەی ئێمە كۆتا كەس نییە دیاریكرابێت بۆ پارێزگار، پارێزگاری كەركوك هەركەسێك بێت گرنگ ئەوەیە هەستێكی كوردانەی هەبێت و جیاوازی نەكات لەنێوان پێكهاتەكان و هەمووان پشتیوانی بین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group