ئامارێكی نوێ‌ لەبارەی ئێزدییەكانەوە بڵاوكرایەوە

20/07/2019 عێراق

نەوا
نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوە ئێزدیەكان ئاشكرایكرد، ژمارەی ئێزدیەكان لەعیراقدا 550 هەزار كەس بون، بەڵام بەهۆی داگیركاری داعشەوە 360 هەزار كەسیان ئاوارەبون و لە رۆژەكانی سەرەتای داگیركاریشدا هەزار و 293 كەس كوژراون، زیاتر لە 100 هەزار ئێزدیش وڵاتیان جێهێشتوە.
نوسینگەكە لەبەیاننامەیەكدا سەرژمێرییەكی نوێی بڵاوكردووەتەوەو ئاماژە بەوەدراوە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە باوەڕپێكراوە و بەپێی سەرژمێریەكە پێش داگیركاریی داعش، ژمارەی ئێزدیەكان 550 هەزار كەس بوون، لەكاتی داگیركاریدا 360 هەزار كەس ئاوارەبون، هەروەها هەزار و 293 كەس كوژران و 2 هەزار و 745 منداڵ بێ سەرپەرشتیار ماونەتەوە، ژمارەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەش تائێستا دۆزراونەتەوە 80 گۆڕن، سەرەڕای ئەوە دەیان گۆڕی تاك دۆزراونەتەوە و 68 مەزارگەو مەرقەدیش تەقێنراونەتەوە.
بەپێی هەمان ئامار، تائێستا 100 هەزار ئێزدی وڵاتیان جێهێشتوە، ژمارەی رفێندراو 6 هەزار و 417 كەس بون، كە 3 هەزار و 548یان رەگەزی مێ‌ بوون و 2 هەزار و 869 یان نێر بون، تائێستاش 3 هەزار و 487 كەس لەدەست داعش رزگاركراون، كە هەزار و 186یان رەگەزی مێ‌ بون و 337یان نێر، هەزار و 24یان منداڵی مێ‌ بون و 940یان منداڵی نێر.
بەپێی ئەو ئامارەی نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوە ئێزدییەكان بڵاویكردوەتەوە، 2 هەزار و 930 كەس لە رفێندراوەكان ماون رزگاربكرێن، كە هەزار و 338یان مێن و هەزار و 592یان نێرن.
ساڵی 2014 رێكخراوی داعش هێرشی كردەسەر شنگال و كوشتارگەی لەنێو ئێزدییەكان ئەنجامدا و هەزارانیشی رفاند.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group