ئەمریكا بڕیارێكی نوێی لەبارەی كۆچەرانەوە دەركرد

13/08/2019 جیهان

نەوا
ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، بڕیارێكی نوێی لەبارەی كۆچەرانی نیشتەجێی ئەمریكا دەركرد كە بەپێی بڕیارەكە مافی مانەوەی هەمیشەیی (Green Card) بەو كۆچەرە "هەژارانە" نادرێت كە یارمەتی لە حكومەت وەردەگرن.
كۆشكی سپی رایگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژە بەوەكراو، بڕیارەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ رێكخستنەوەی كۆچ، هەروەها ئەو كۆچەرانە دەركراوە كە شایەنی ئەوەن مافی مانەوەی هەمیشەیی (Green Card) لە ئەمریكا وەربگرن.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو لە بڕیارە نوێیەكەدا جەخت لەوەكراوەتە كە دەبێت كۆچەرانی نیشتەجێی ئەمریكا لە رووی داراییەوە پشت بە توانای خۆیان ببەستن.
لە بڕیارە نوێیەكەدا، ئەو كۆچەرانە كراونەتە ئامانج كە لە سیستەمی دەستەبەركردنی تەندروستی و یارمەتییە گشتییەكان سوودمەندن.
هاوكات بەرگرییكاران لە مافی كۆچبەران لە ئەمریكا پێیانوایە بڕیارە نوێییەكەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، كۆچەرانی نیشتەجێی ئەمریكا ناچار دەكات داوای هیچ یارمەتییەك لەو وڵاتە نەكەن.
ئاژانسی هەواڵیی "Associated Press"ی ئەمریكی بڵاویكردەوە كە بڕیارە نوێیەكە لە تشرینی یەكەمی داهاتووەوە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group