محەمەد گۆڵدەرەیی: مەترسی لەسەر پێگەی كورد هەیە لە كەركوك

17/08/2019

نەوا-كاروان مەحمود
سكرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایدەكات، تائێستا لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك هەنگاوی جدییان نەناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسییانەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە بەتایبەت بۆ پارێزگای كەركوك و راشیدەگەیەنێت، ئەگەر بەم سستییە مامەڵە بكرێت مەترسی لەسەر پێگەی كورد هەیە.
محەمەد گوڵدەرەیی سكرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسییانەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تایبەت هەڵبژاردن لە كەركوك بەدیدەكرێت پێویستە لایەنە كوردستانیەكان یەكدەنگی و یەكڕیزیان هەبێت بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت هیچ هەنگاوێكی جدی نەنراوە بۆ دروستكردنی ئەو یەكڕیزییە.
باسی لەوەشكرد، یەكڕیزی بەوەناكرێت لەبارەی حزبێك لایەنەكان كۆبوونەوە ئەنجامبدەن و بەیاننامەیەك بڵاو بكەنەوە بەڵكو پێویستی بە داڕشتنی بەرنامەی تایبەت و رێككەوتن هەیە لەسەر بەرنامەیەكی دیاریكراو كە ئەویش پەنابردنەبەر دادگای تیتحادییەو تانەدانە لە یاساكە، یاخود بەشێوەیەك پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بكرێت كە زیان بە كورد نەگەیەنرێت، بەلام ئەوەی بەدی دەكرێت لەدەرەوەی كەركوكیش بڕیار بەدەستی سیاسی كورد كاری جدییان نەكردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسییە.
لە وەڵامی پرسیاری رادیۆ نەوا بەوەی ئایا ئەگەر بەم یاسایەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەكەركوك بكرێت ئەكرێت بوترێت كورد لەدوای ئەم هەڵبژاردنەوە لە مەترسیدایە لە كەركوك، محەمەد گۆڵدەرەیی سكرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: "ئەو مەترسییانەی لە یاساكەدا هەیە مەترسی جدیین، لایەنی كوردیش هیچ ئامادەسازییەكی نییە، چونكە هەڵبژاردن لە كەركوك تەنها جێبەجێكردنی یاسا نییە پێشوەخت ئامادەكاری بۆ دەكرێت ئەو ئامادەكارییانەش پەیوەستە بە پێداچوونەوەی تۆماری دەنگدەران بەو شێوەیەی كە لە یاساكەدا هاتووە مەترسی جدییە، هەروەها رێژەی تۆماری بایۆمەتری ئەوەی كە دیاریكراوە كورد لەهەندێك ناوچەی كەركوك رێگە خۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی بە كارتی كورتخایەن و كاتی دەنگبدەن ئەوەش مەترسییە لەسەر پرۆسەكە".
گۆڵدەرەیی ئەوەشی وت: "ئەگەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە بڕوات و كورد بەو سستییە مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بەڵێ مەترسی جدیی هەیە لەسەر پێگەی كورد لە شاری كەركوكدا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group