وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق: هه‌موو رێوشوێنێكی سه‌ربازیی و ئه‌منی ده‌گرینه‌به‌ر

31/08/2019 عێراق

نه‌وا
وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت،هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست له‌ رووی سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌وه‌ ده‌گرنه‌به‌ر له‌ پێناو پارێزگاریكردن و به‌رگریكردن له‌ وڵاته‌كه‌.
له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجوومه‌نی به‌رگریی كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی فه‌ریقی یه‌كه‌م روكن عوسمان غانمی سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عیراق و یاریده‌ده‌رانی بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، كارگێڕی و مه‌شق و راهێنانه‌كان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان سازكرا راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوكرایه‌وه‌.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ نه‌جاح شه‌ممه‌ری وه‌زیری به‌رگری عیراق، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راگه‌یاندووه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌موو رێوشوێنی پێویست له‌ رووی سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌وه‌ ده‌گرێته‌به‌ر به‌ ئامانجی پارێزگاریكردن و به‌رگریكردن له‌ وڵاتدا و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هه‌ر هێرشێك بكرێته‌ سه‌ر هه‌ر لایه‌نێكی عێراق، واتای هێرشكردنه‌ بۆسه‌ر عیراق.
وه‌زیری به‌رگری عیراق وتوشیه‌تی:" گرنگه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی نێوان سوپا، پۆلیسی فیدرالی، پاسه‌وانی سنوور، دژه‌ تیرۆر، حه‌شدی شه‌عبی، هێزه‌كانی پاسه‌وانی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ پته‌وتر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن زیاتر رووبه‌ڕووی ئه‌و كه‌سانه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت ئاسایشی عیراق تێك بده‌ن.
به‌م دواییانه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك هێرشدا، چوار باره‌گای حه‌شدی شه‌عبی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عیراق كرانه‌ ئامانج و تا ئێستا ئه‌و لایه‌نه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌و هێرشانه‌ی ئه‌نجامداوه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group