لە سلێمانی شەربەتێك ژمارەیەك خوێندكاری نەخۆش خستوە و قائیمقامییەتیش قەدەغەی دەكات

22/10/2019

نەوا
لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان و بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە خوێندنگەیەكدا دەستبەسەر بڕێكی زۆر شەربەتدا دەگرێت و هەر فرۆشگایەكیش لیستی خواردن و خواردنەوەكانی تەندروست نەبێت، سزا دەدرێت.
ماڵپەڕی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە، لەلایەن لیژنەی سێی سەربە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەوە بەدواداچوون بۆ سكاڵای ژمارەیەك هاووڵاتی لە خوێندنگەیەكی گەڕەكی كانی گۆمەی شاری سلێمانی لەسەر جۆرێكی شەربەت كراوە، كە ‌بەهۆیەوە منداڵەكانیان توشی سكچوون و ئازاری سك بوون، بۆیە لیژنەكان لە فرۆشگای خوێندنگەكەدا دەستی بەسەر (185) كارتۆندا گرتوە‌ و نمونەی شەربەتە دەستبەسەردا گیراوەكە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی كراوە بۆ پشكنین، وەڵامی پشكنینەكەش بە نەشیاو بۆ خواردنەوە دانراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، شەربەتی "شەت" ‌لە ئێرانەوە هاوردەكراوە‌ و ‌لە كۆگایەكی شارۆچكەی سەیدسادق عەمبار كراوە، پاشان رەوانەی خوێندنگەكە كراوە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی شەربەتە دەستبەسەرداگیراوەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی خوێندكاران، قائیمقامی سلێمانی لیژنە هاوبەشەكانی راسپاردووە چاودێری فرۆشگای خوێندنگەكان بكرێت و لیستی ئەو خواردن و خواردنەوانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە بڵاوكرایەوە‌ فرۆشگای خوێندنگەكان پابەندبن پێوەی، بەپێچەوانەوە خاوەنەكەی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group