فڕۆكەكانی توركیا چەند ناوچەیەكیان لە هەرێمی كوردستان بۆردومانكرد

20/11/2019

نەوا
ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكیان لە سێ قەزای سنورەكانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی كوردستان بۆردومان كرد و زیانێكی مادیی زۆر بەر خەڵكی ئەو ناوچانە كەوتوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەنزمی بە ئاسمانی قەزای رواندزدا سوڕاونەتەوە، لەسنوری ناحیەی وەرتێ-ش بۆردومانی چیاكانی كارۆخ و هەڵەموند-یان كردوە، بەتایبەت فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا سێ شوێنیان لە بناری چیای كارۆخ كردۆتە ئامانج.
لەسنوری ناحیەی سەنگەسەریش لە قەزای پشدەر، فڕۆكە جەنگییەكان گەلی بەدران و ناودەشت-یان لە بناری قەندیل بۆردومان كردوە.
هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی چیاكانی سنوری ناحیەی حاجی ئۆمەران و ناحیەی سمێلان-یان كرد لە سنوری قەزای چۆمان-ی دەڤەری باڵەكایەتی، بەتایبەت چیای كۆپی كونەكۆتر، كە زیاتر لە نۆ جار چیاكە بۆردومانكراوە.
لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هیچ زیانێكی گیانی نەبوە، بەڵام لەهەندێك ناوچە زیانی مادی هەبووە، بەتایبەت لە سنوری چیای كارۆخ و كونەكۆتر رەز و باخ و پوش و پاوان سوتاوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group