عادل عەبدولمەهدی: حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت بودجە پێشكەش بكات

04/12/2019 عێراق

نەوا
سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق باس لەوەدەكات دەسەڵاتەكانی حكومەتی كاربەڕێكەر سنوردارن و ناتوانێت پرۆژە یاسای بودجە پێشكەش بە پەرلەمان بكات.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق لە وتارێكدا رایگەیاند، قۆناغی ئێستا پێویستی بە حكومەتێك هەیە كە تەواوی دەسەڵاتەكانی هەبێت.
وتیشی، حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستا دەسەڵاتەكانی سنوردارن و ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 پێشكەش بە پەرلەمان بكات.
عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسیەكان بە زوترین كات پێكهێنانی حكومەت یەكلابكەنەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە پەرلەمان كرد و رۆژی دواتر پەرلەمانی عێراق بە تێكڕای دەنگ دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند كرد و بەو پێیەش حكومەت بۆتە كاربەڕێكەر و پێویستە لە ماوەی مانگێكدا سەرۆك كۆمار كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رابسپێرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group