نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێم: هیچ رێككه‌وتنێكمان بۆ وه‌رگرتنى 22%ى بودجه‌ى عیراق نه‌كردوه‌

08/12/2019

نه‌وا
فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا ره‌تیده‌كاته‌وه‌، هه‌رێم له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیراندا پێش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى رێككه‌وتبێت، كه‌ 22%ى بودجه‌ى عیراق وه‌ربگرێت.
فارس عیسا له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا وتویه‌تى "رێككه‌وتنى كۆتایى شاندی كوردى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عیراقیدا ئه‌وه‌یه‌، هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستبكات و له‌به‌رانبه‌ردا رێژه‌ى %12.6ى بودجه‌ بدرێت به‌هه‌رێم، كه‌ بودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ش ده‌گرێته‌وه‌".
وتیشى "ئه‌و لێدوانانه‌ى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌رێم له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى رێككه‌وتوه‌، 22%ى بودجه‌ وه‌ربگرێت پێش ئه‌وه‌ى ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ دوره‌ له‌راستییه‌وه‌، هه‌ر كاتێكیش پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2020 تێپه‌ڕێنرا ئه‌وا رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
پێشتر ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ گوایه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی دا رێككه‌وتوه‌، كه‌ 22%ى بودجه‌ى عیراق وه‌ربگرێت، سه‌ره‌ڕاى رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر راده‌ستكردنى نه‌وت، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نى عیراقى وه‌ك ئیئتیلافى ده‌وڵه‌تى یاسا رێككه‌وتنه‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێت، رێگه‌ناده‌ن جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ حكومه‌تى ئێستا كاربه‌ڕێكه‌ره‌ و بۆى نییه‌ رێككه‌وتن واژۆ بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group