چەند كەس لەسەر دۆسیەی دەرمانی ساختەی دژە شێرپەنجە دەستگیركراون

13/12/2019

نەوا
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لەسەر پرسی ئەو بەناو دەرمانەی كە وەك  دەرمانی دژە شێرپەنجە بە نرخێكی زۆر بەرز بە هاوڵاتیان دەفرۆشرا، چەند كەس دەستگیركراون و رادەستی دادگا كراون.
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند؛ دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا لەلایەن لیژنەی بەدواداچون و چاودێری دەرمان كە پێكھاتوە لە دامەزراوەی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمان و بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی تاوانی رێكخراو سەربە ئاژانسی پاراستن و بە ھاوكاریی پۆلیسی شارەوانی، دەست بەسەر بەناو دەرمانێكدا گیرا كە وەك دەرمانی دژە شێرپەنجە بە نرخێكی زۆر بەرز بە هاوڵاتیان دەفرۆشرا، ژمارەیەك كەس لەسەر ئەو بابەتە دەستگیركراون و رادەستی دادگا كراون.
وتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامن لە بەدواداچون لەسەر ئەو بابەتە، سەبارەت شێوازی هێنانی ئەو دەرمانە كە زۆربەیان لە دەرەوە بە قاچاغ هاوردە دەكرێن.
پێشتریش كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان سەبارەت بەو بەناو دەرمانەی دژی شێرپەنجە بە هاوڵاتیان فراوشراوە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوە كە " داوا دەكەین هەركەسێك ئەم بەناو دەرمانەی كڕیوە دەتوانێت سەردانی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بكات بۆ تۆمار كردنی سكاڵا و گەڕاندنەوەی مافەكانیان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group