رادیۆ نەوا نەهامەتی دانیشتوانی قەزای ئاكرێ بەدەست كەمی ئاوەوە دەخاتەڕو

14/12/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر

بەهۆی كۆنی پرۆژەی ئێستاو تەواونەبونی پرۆژە تازەكەیانەوە، دانیشتوانی قەزای ئاكرێ بەدەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنن و قائیمقامیش وێڕای پشتیوانی ناڕەزاییەكان، بەڵێن دەدات بەردەوام هەوڵبدەن تا پرۆژەی تازەی ئاوی ئاكرێ تەواو بكرێت.
بەرنامەی "مایكی نەوا" چوە شاری ئاكرێ و هاووڵاتیان باسیان لەوەكرد، لەماوەی 48 كاتژمێردا تەنها دوو كاتژمێر ئاویان هەیە، لەوبارەیەشەوە دەڵێن "ئەو پرۆژە ئاوەی ئێستای ئاكرێ بۆ ساڵی 1982 دەگەڕێتەوە، كە ئەوكات تەنها سێ گەڕەك لە شارەكەدا هەبون، بەڵام ئێستا 47 گەڕەكە".
لە وەڵامی ئەو داواكارییانەدا، مازن محەمەد قائیمقامی قەزای ئاكرێ بۆ رادیۆ نەوا وتی "ئاكرێ ساڵانێكە بەدەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و لەكابینەكانی رابردودا هەوڵدراوە لە رێگەی زێی گەورەوە ئاو بگاتە قەزاكە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەكە تەواو نەكراوە".
هەروەها بەڵێنیشی دا لەڕێگەی پارێزگای دهۆك و ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵی بەردەوام بدەن تا پارەی پێویست بۆ پرۆژەكە تەرخان بكرێت و ئاكرێ لەو كێشەیە رزگار بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group