بەریتانیا بەتەواوەتی حزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە

18/01/2020 جیهان

نەوا
بەریتانیا بە تەواوەتی رێكخراوی حزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی تیرۆرەوە و بڕیاری دا دەستبەسەر سەروەت و سامانی ئەو رێكخراوەدا بگرێت.
وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا بڵاویكردەوە، بەپێی یاساكانی تیرۆر و پاڵپشتی دارایی تیرۆر، بە تەواوەتی هەردوو باڵی سیاسی و ئەمنیی حزبوڵڵای لوبنان-یان وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندوە، بەوەش دەستبەسەر سەروەت و سامانی ئەو رێكخراوەدا دەگیرێت.
كەناڵەكانی راگەیاندنی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە كردوە، پێشتر لەندەن بۆئەوەی دانوستان و رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا شكست نەهێنێت، هەنگاوی لەو شێوەیەی بەرانبەر بە حزبوڵڵای لوبنان نەنابوو، بگرە چاوپۆشییان لە كردەوەكانی كردبو.
لە رابردودا بەریتانیا تەنها باڵی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنانی خستبوە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام بڕیارە نوێیەكە باڵی سیاسییشی گرتۆتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group