وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: دایەنگە حكومییەكان هاوتای تایبەتەكانن

19/01/2020

نەوا
كوێستان محەمەد وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە، لە دایەنگە تایبەتەكاندا، دەشێت كەرەستەو بیناو جۆرێتی باش بێت، بەڵام لەڕووی پەروەردە، خواردن، وەرزشكردن و جۆرێتی كاركردنەوە، دایەنگە حكومییەكان لە ئاستی دایەنگە تایبەتەكاندان.
بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دایەنگەكان بۆ ساڵی 2019، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌، بە ئامادەبوونی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، بۆنەیەكیان بۆ هەڵسەنگاندنی كاری دایەنگەكانی سلێمانی رێكخست و تیایدا بەپێی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش بە منداڵانی دەكەن پۆلێنیان كردن و لە كۆتاییشدا خەڵات بەسەر دایەنگەكاندا دابەشكرا.
لەلێدوانێكیشدا كوێستان محەمەد ئاماژەی بەوەدا، كە دایەنگە هەستیارترین قۆناغی مرۆڤە، یەكەمجارە منداڵ دەچێتە نێو كۆمەڵگەوە و لە خێزان دەردەچێت بۆ نێو ژینگە و لەوێ بۆ یەكەمجار پەروەردەیەكی تازە دەبینێت و ئامادە دەكرێت بۆ قۆناغی خوێندنی سەرەتایی. وتیشی ''ئەگەر منداڵ لەم قۆناغەی دایەنگەدا باش پەروەردە و ئامادەبكرێت، ئەوە نەوەیەكی تەندروست ئامادەدەبێت بۆ كۆمەڵگە".
هەروەها رایگەیاند ئەوان وەك وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، سەرەڕای كەمی بودجەكەیان، بەڵام هەوڵی تەواویان داوە خزمەتی زیاتری دایەنگەكان بكەن، لەكاتێكدا دوو جۆر دایەنگە هەیە لە حكومی و تایبەت، بەهۆی بونی بودجەی پێویست لە دایەنگە تایبەتەكاندا، دەشێت كەرەستە و بینا و جۆرێتی باش بێت، بەڵام لەڕووی پەروەردە، خواردن، وەرزشكردن و جۆرێتی كاركردنەوە، دایەنگە حكومییەكان لە ئاستی دایەنگە تایبەتەكاندان، رەنگە تەنها لە رووی بیناو كەلوپەلەوە دایەنگەی تایبەت باشتر بێت لەچاو دایەنگە حكومییەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group