نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
راپۆرتێكی چاودێرانی ناوخۆ و بیانی ئاشكرای دەكات، لە 6 مانگی رابردوی كابینەی حكومەتی هەرێمدا 15 كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدراوە و 12 راپۆرتی وەزارەتەكانیش تاووتوێكراوە، بەڵام هیچ كۆبونەوەیەكی gئەنجامنەدراوە.
ئەمڕۆ 28-1-2020 لەشاری هەولێر، شەشەمین راپۆرتی هاوبەشی رێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و سندوقی نیشتمانیی ئەمریكی و پرۆژەی بەهێزكردنی لێپرسینەوەی یاسایی بڵاوكرایەوە، كە ناونیشانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی هەڵگرتوە. لە راپۆرتەكەدا باس لەوەكراوە لە ماوەی شەش مانگی تەمەنی كابینەی ئەنجومەنی وەزیراندا 15 كۆبونەوە ئەنجامدراوە و 12 راپۆرتی وەزارەتەكان خراونەتە گفتوگۆ و 7 كۆبونەوە و تەوەری دامەزراوەكانی سەربە ئەنجومەنی وەزیرانیش بەڕێوەچون، هەر لەو ماوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران سێ پڕۆژەیاسای نوێ و دوو یاسای بەركار و دوو پەیڕەوی ناوخۆی دامەزراوە جیاوازەكانی ئاراستەی پەرلەمان كردوە بۆئەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت.
لە راپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، 11 وەزارەت و 2 دەستە دەستیان بە پرۆسەی چاكسازی كردوە و هەشت دامەزراوەو وەزارەتیش دەستیانپێنەكردوە لەوانەش وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، 18 وەزیر و جێگری سەرۆك وەزیرانیش فۆرمی ئاشكراكردنی سەروەت و سامانەكانیان پڕكردۆتەوە، بەڵام ناوی سەرۆك وەزیران لەو لیستەدا نییە.
لەبارەی پرۆسەی چاكسازییشەوە راپۆرتەكە هیچ ئامارێكی بڵاونەكردۆتەوە، بەڵكو باسی لەو خاڵانە كردوە كە حكومەت وەك چاكسازی كاریان لەسەردەكات لەوانەش كەرتی داهات و سامانە سروشتی و خەرجیەكان و تەندروستی و پەروەردە و بازرگانی، هەروەها چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێم بەبێ یاسای بودجە كارەكان رایی دەكات، كە ئەویش چەند زیانێكی هەیە لەوانە، ناڕونی داهات و دیارنەبونی ئەولەویەتی حكومەت و نەمانی متمانەی خەڵك و پەراوێزخستنی رۆڵی پەرلەمان.
سەبارەت بەو بابەتەش د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم لە مەراسیمی بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەدا باسی لەوەكرد، چاكسازی پێویستی بە رێنمایی و رێكاری تایبەت هەیە و دەبێت هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن دەستوری خۆی و ئەو راپۆرتەش كە بڵاوكراوەتەوە هەنگاوێكی گرنگە بۆئەوەی هەوڵدەن بۆ دروستكردنی سیستم، ئەوەش تاكە رێگایە بۆ دەربازبوون لە گرفتەكان.
وتیشی "كەرتی گشتی كەرتێكی زۆر گەورەیە و لە پێویستی حكومەت زیاترە، بۆیە بەهێزترین هەنگاو ئەوەیە ئیرادەی سیاسی هەبێت بۆ چاكسازی، چونكە ئەوە كاریگەری یەكلاكەرەوەی دەبێت لە چاكسازیدا، هەنگاوەكانی دیكە وەك پراكتیك گرنگن، بەڵام ئیرادەی سیاسی بنەمای كارەكان دەبێت".