تەندروستی جیهانی: هێشتا بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە عێراق نەگەیشتوەتە لوتكە

17/04/2020 عێراق

نەوا
نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق رایگەیاند، هێشتا بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە عێراق نەگەیشتوەتە لوتكە و سەرباری دابەزینی ژمارەی تووشبوان پێویستە رێكارەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوام بن.
ئەدهەم ئیسماعیل نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، كەمبوونەوەی ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆوەیە و پێویستە ئەو رێكارانە بەردەوام بن تا ئەو كاتەی ژمارەی توشبوان دەگاتە سفر.
وتیشی، هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە نەگەیشتوەتە لوتكە و كەمبوونەوەی ژمارەكان بەو واتایە نییە كە دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵدایە، بۆیە پێویستە رێكارەكان بەردەوام بن.
نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوەشی خستەڕوو، كە عێراق جیا لەوەی سودی لە ئەزمونی ئێران و چین وەرگرتووە، هاوكات بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی جیهانی جوڵاوەتەوە و كادری تەندروستی وڵاتەكەش پێشكەوتون، بەو هۆیەوە ژمارەی توووشبوان و ئەو كەسانەی بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە سنوردار بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group