سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی داوای كشانه‌وه‌ی كورد له‌ پڕۆسه‌ى سیاسی عیراق ده‌كات

30/04/2020

نه‌وا
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "باشترین بژارده‌ رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌كرا له‌و باشتر كشانه‌وه‌یه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق و جێهێشتنی به‌غدایه‌".
ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ په‌یجی خۆی نوسیویه‌تی: "چاوی هه‌مووان له‌سه‌ر گه‌رمترین هه‌واڵه‌كانی به‌غدایه‌، قه‌ده‌ری ئێمه‌ وایه‌ له‌وه‌ته‌ی بیرمان دێت، هه‌ر شانده‌و ده‌چێته‌ به‌غداو چه‌ند ساڵ جارێك شه‌ڕ، ئاشتی، گفتوگۆ، پیلان و پلان، رێككه‌وتن و په‌شیمان بوونه‌، خیانه‌ت و خه‌نجه‌ر وه‌شاندن له‌ پشتڕا، بۆته‌ به‌شێك له‌ ژیانمان و جگه‌ له‌وه‌ش له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ له‌ نێو پڕۆسه‌یه‌كی تازه‌ی نان بڕین و ده‌ستبردن بۆ قوتی خه‌ڵكی كوردستانین، ئه‌مه‌ش تازه‌ترین داهێنانی حوكمڕانانی نوێی به‌غدایه‌، ئه‌وه‌ی دوێنێ ئه‌نفالی كردین ئامانجی وابوو نه‌مانهێڵێ، ئه‌وه‌ی ئێستاش نانمان ده‌بڕێ هه‌ر مه‌به‌ستیه‌تی نه‌مانهێڵێ، به‌ڵام دوێنێ ماین و به‌یانیش هه‌ر ده‌مێنین.
ئومێد خۆشناو چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌ی باسكردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی رابردوو جێبه‌جێ نه‌كراو رێكه‌وتنی نوێش نه‌كراو وتویه‌تی: "باشترین بژارده‌ رێككه‌وتنه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌كرا له‌و باشتر بڕیاری جه‌ماعی و یه‌كڕیزی ته‌واوی لایه‌نه‌كانه‌و كشانه‌وه‌یه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق و جێهێشتنی به‌غدایه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆمارو جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ته‌واوی وه‌زیرو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و تێكڕای نوێنه‌رانی كوردستان هاتنه‌وه‌یانه‌ بۆ كوردستان"‌.
سه‌ركی فراكسیۆنی پارتی راشیگه‌یاندووه‌، له‌ئه‌گه‌ر كشانه‌وه‌ی كورد هه‌ڵوێستی گشتی هه‌موو لایه‌ك و تۆخكردنی گیانی ته‌بایی و یه‌كڕیزی ده‌بێ و ئه‌وه‌ش لای خه‌ڵكی كوردستان په‌سندو جێگای ستایشه‌و له‌لایه‌كیتر هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌و فشارێكیش ده‌بێ له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و ئاینده‌ی عیراق و په‌یامێكیش ده‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌مریكا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group