عەبدولستار مەجید: وەزارەتی دارایی پاساو دەهێنێتەوە بۆ دابەشنەكردنی پارەكەی بەغدا

22/05/2020

نەوا
عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێی وایە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاماژەدان بەوەی كە بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی فەرمانبەران قەرزیان كردوە، پاساو دەهێننەوە بۆ ئەوەی ئەگەر پارەكەی بەغدا هات دابەشی نەكەن و بڵێن داومانەتەوە بە قەرز.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رونكردنەوەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە هێشتا ئەو 400 ملیار دینارەی بەغدا نەگەیشتۆتە دەستیان كە كازمی رەزامەندی لەسەر ناردنی داوە، باسی لەوەكردووە"بەو داهاتەی لە بەردەستە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و قەرزكردنەوە، موچەی سەرجەم موچەخۆرانمان بەر لە جەژنی پیرۆزی رەمەزان دابەشكرد."
لەو بارەوە عەبدولستار مەجید، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"پێشتر وتمان هەندێ بەرپرسی حزبیی ئەو باسە دەوروژێنن كە گوایا حكومەت بۆ موچەی مانگی یەك قەرزی كردوە !بەداخەوە وەزارەتی داراییش لە ڕونكردنەوەكەیدا تەرویجی بە هەمان بابەت داوەتەوەو ئەمەش مەترسییە لەسەر ئەو پارەیەی كە لە بەغداوە دێت و پاساوێكە لە ئێستاوە حازریان كردوە تا ئەگەر پارەكە هات، دابەشی نەكەن و بڵێن داومەنەتەوە بە قەرز !"
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بە پێویستی زانیوە "پەرلەمانی كوردستان و موچەخۆرانیش ئەمە قبوڵ نەكەن و ڕێگەنەدەن ئەو پارەیەی بەغداش، بە دەردی ئەو دەیان ملیار دۆلارە بەرن كە دیار نەماوەو بەناوی قەرز و قەرزارییەوە دیزە بەدەرخۆنە كراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group