راپۆرتێكی روسی: هێزێكی شاراوە هەیە نایەوێت هەرێم و بەغدا رێكبكەون

06/07/2020

نەوا
ماڵپەڕێكی روسی ئاشكرایدەكات، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر خاڵی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، بەڵام هێزێكی شاراوە هەیە نایەوێت هەردوولا بگەنە رێككەوتن.
ماڵپەڕی "سپوتنیك"ی روسی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، حكومەتی عیراق بەپێی لێكتێگەیشتنە فەرمیەكان داوای رادەستكردنی سەرجەم داهاتەكانی هەرێمی كوردستانی كردوە لەوانەش نەوت و باج و داهاتەكانی دیكە، لەبەرانبەریشدا 453 ملیار دیناری مانگانە رەوانەی هەرێم دەكات، هەروەها داوای كردوە هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكاندا بكشێنەوە.
رونیشكراوەتەوە، سەرەڕای بونی ژمارەیەكی زۆر خاڵی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا و بونی دەستورێكی هەمیشەیی بۆ چارەسەركردنی دۆسیە هەڵواسراوەكان، بەڵام هێزێكی شاراوە نایەوێت هەردوولا بگەنە رێككەوتن و دەیەوێت ناكۆكییەكان بەردەوام بن، ئەوەش بوەتە رێگر لەبەردەم رێككەوتنی هەردوولا و شكستهێنانی گفتوگۆگان.
ماڵپەڕەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی شكستهێنانی گفتوگۆكان ئەوەیە، كە حكومەتی ناوەند رەتیكردوەتەوە بە رێككەوتنەكەی پێشوو كاربكات كە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بوە و وەك هەموو پارێزگاكانی دیكە داوای سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group