بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دانرایەوە

11/07/2020

نەوا
لە سلێمانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری دانرا، لە ئێستادا تەنها قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە جێبەجێدەكرێت، كە درێژییەكەی 32 كیلۆمەترە.
هەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، لە تاسڵوجەوە بەردی بناغەی پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانییان دانا، كە پرۆژەكە خۆی لە سێ قۆناغ پێكهاتووە، دەست بە جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی دەكرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتارێكیدا پێش دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە رایگەیاند "راستە ئەو پرۆژەیە دەمێكە قسەی لەسەر دەكرێت، بەڵام لەم كابینەیەدا بەڵێنەكەمان بردە سەر، دوای ئەوەی خوێندنەوەیەكی زانستیانە بۆ پرۆژەكە كرا، بە دیزاینێك و بودجەیەكی باشترەوە جێبەجێدەكرێت".
شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكان 146 كیلۆمەترە و پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. حكومەتی هەرێم 400 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە. لە قۆناغی یەكەم 32 كیلۆمەتر تەواو دەكرێت و دواتر دەست بە قۆناغەكانی دیكەش دەكرێت.
هەروەها، شەقامەكە لە 7 یەكتر بڕ پێكهاتووە، كە چواریان گەورەن و سیانیان بچووكن.
لە ساڵی 2011وە دەست بە دیزاین و ئامادەكارییەكانی 100 مەترییەكە كراوە، شەش ساڵ لەمەوپێش بەردی بناغەی پرۆژەكە دانرا، بەڵام كاركردن تیایدا دەستیپێنەكرد.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group