سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێم دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

26/11/2020

نه‌وا
حكومه‌تی هه‌رێم "لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی"، فه‌رمانێك بۆ شەفافیەتی گرێبەستەكان دەردەكات، كه‌ به‌پێی له‌مه‌ودوا واژۆی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌ یه‌ك ملیار دینار تێده‌په‌ڕن، له‌ ده‌زگاكانی حكوومه‌ت ڕاده‌گیرێن و فه‌رمانه‌كه‌ش لە 1ی 12ی ئه‌مساڵه‌وه‌ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 به‌ گوێره‌ی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێم، كە رۆژی 22/10/2020 دەرچووە لەسەر فەرمانی مه‌سرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڕیاردراوە بە "راگرتنی واژۆكردنی هەر گرێبەستێك لە لایەن دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە گوژمەی خەمڵێندراوی لە یەك ملیار دینار تێپەڕ بكات".
هه‌ر بە پێی نوسراوه‌كه‌، ئەگەر گرێبەستێك لە ملیارێك دینار زیاتر بێت، دەبێت بەڵگەنامەكانی كەمگەری، بە شێوەی هارد و سۆفت بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بنێردرێت.
له‌ نوسراوه‌كه‌دا هاتووه‌، فه‌رمانه‌كه‌ لە 1/12/2020 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هه‌روه‌ها هەموو زانیاریەكانی پڕۆژەكە و پێشنیازەكانیش بنێردرێت، "دوای دیراسەتكردنی ورد بە رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی، رەزامەندی دەدرێت بە وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار بە واژۆكردنی گرێبەستەكە".
هاوكات ئەنجوومەنی وەزیران رونیكردۆته‌وه‌، مەبەست لەو فەرمانە ئەوەیە گرێبەستەكان لە بەرژه‌وەندیی گشتی بێت و لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكان بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group