لە كۆبانێ دژی رێككەوتنەكەی شنگال ناڕەزایەتی دەربڕدرا

30/11/2020

نەوا
كوردانی كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان، دژی رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا، رێپێوان و گردبونەوەیان ئەنجامدا، رێككەوتنەكە بە پیلانگێڕی وەسفدەكەن و داوا دەكەن هەمووان پشتگیریی ئیرادەی خەڵكی شنگال بكەن.
رۆژی یەكشەممە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی كۆبانێ، دژی ڕێككەوتنی سەر شنگال لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد كۆبوونەوە و رێپوانێكی فراوانیان بەرەو گۆڕەپانی شەهید عەگید ئەنجامدا.
لە رێپێوانەكەدا دروشمی "مەرگ بۆ داگیركاریی توركیا، بژی ئیدارەی خۆسەریی شنگال" بەرزكرابوەوە، دواتر لە گردبوونەوەكەی گۆڕەپانی شەهید عەگید، بارین كۆبانێ بەناوی ئەنجومەنی كانتۆنی كۆبانێوە وتارێكی پێشكەشكرد، رێككەوتنەكەی شنگالی شەرمەزار كرد، پارتی دیموكراتی كوردستانیشی بە هاوكارییكردنی داگیركارییەكانی توركیا تۆمەتبار كرد.
نوێنەرەكەی ئەنجومەنی كانتۆنی كۆبانێ پێشی وایە، رێككەوتنەكە بۆ گەمارۆدانی شنگال و زەوتكردنی ئازادیی گەلی شنگالە، راشیگەیاند، "ئەو ڕۆژەی شنگال لەژێر كۆمەڵكوژیی داعشدا بەجێهێڵدرا، بڕیاری پاراستنی شنگالیان پێنەبوو، بەڵام ئەمڕۆ دوای ئازادبونەكەی، بڕیار لەسەر شنگال دەدەن، دەیانەوێت ئازادی و ئیرادەی گەلی شنگال تێكبدەن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group