لیژنەیەك بۆ چارەسەری گرفتە پیشەسازییەكانی نێوان هەرێم و عێراق پێكهێنرا

20/01/2021

نەوا-
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەمەبەستی چارەسەری گرفتە پیشەسازیەكان لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا پێكهێنراوە.
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و مەنهەل خەباز وەزیری پیشەسازی عێراق لە شاری هەولێر كۆبونەوەیەكی فراوانیان لەگەڵ ژمارەیەك لە خاوەن كۆمپانیا و كارگە و بازرگانان ئەنجامدا و دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كەمال موسلیم وتی: ئەم كۆبونەوەیە وەك خولی یەكەم لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، دواتر لە بەغدا كۆبونەوەی دیكە ئەنجام دەدرێن.
وتیشی: بۆ چارەسەری گرفتەكانیش لیژنەیەك پێكهێنراوە كە دەبێ بە گرفتەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا بچێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەكە 60 رۆژ جارێك راپۆرتێك بۆ هەردو وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێم و عێراق دەنێرن.
لای خۆیەوە مەنهەل خەباز وتی: ئەو یاداشتە لێك تێگەیشتنانەی لە نێوان هەرێم و عێراق واژۆ كراوە بۆ ئەوەیە هەموو گرفتەكان دەستنیشان بكرێن و دواتر كاریان لەسەر بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتو كۆبونەوەی فراوانی نێوان هەردولا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
وتیشی: لە سەرانسەری عێراق گرفتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بونی هەیە و لەسەر ئەو بابەتەش گەیشتوینەتە داڕشتنەوەیەك بۆ چارەسەری گرفتەكە و كۆمەڵێك گرفتی دیكەشمان هەیە دەبێ هەموی بەیەكەوە قسەی لەسەر بكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group