خولێكی مافی مرۆڤ بۆ كارمەندانی حكومەتی هەرێم كرایەوە

25/01/2021

نەوا-
خولێك بۆ برەودان بە توانای كارمەندانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێم تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ بەڕێوەچوو، دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمیش رایگەیاند: هەرێم لە چوارچێوەی خولەكانی راهێنان بۆ مافەكانی مرۆڤ و دواتریش بۆ نوسینەوەی راپۆرتەكان رۆڵی كارای بینیوە.
ئەمڕۆ 25/1/2021 خولێكی راهێنانی مافەكانی مرۆڤ بۆ كارمەندانی حكومەتی هەرێم بەڕێوەچو كە تیایدا نوێنەری سەرجەم وەزارەتەكان بەشدارییان تێدا كرد و دیندار زێباری رێكخەری خولەكەدا باسی لەوەكرد: هەرێم پێگەی گرنگی هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئاڕاستەكردنی ئەو راسپاردانەی لە نەتەوە یەكگرتوەكانەوە دێن، بەتایبەتی ئەم خولە بۆ برەودانە بە تواناكانی فەرمانبەرانی دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ چۆنیەتی نوسین و وەڵامدانەوەی راسپاردە تایبەتییەكانی بە مافەكانی مرۆڤ لە عیراق و هەرێم. 
باسی لەوەشكرد: ئێمە دامەزراوەی تەواوی مافەكانی مرۆڤ و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكانمان هەیە، هەرێم دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری هەیە و دەمانەوێ هەماهەنگی باشترمان هەبێت بۆ ئەوەی هەموو عیراق لەسەر ئاستی مافی مرۆڤ پێگەی بەهێزتری هەبێت.
 دیندار زێباری وتیشی: ئێستا هەماهەنگی نێوان هەرێم و وەزارەتی دادی عیراق دروست بوە بۆ چۆنییەتی داڕشتنی رێكارەكانی دادگاییكردنی سەرانی داعش كە سەرجەم دەزگا عێراقیەكان و هەرێمی كوردستان بەشداری تێدا دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group