فەرمانبەران و هاووڵاتیان دەبنە خاوەن ناسنامەی ئەلیكترۆنی

26/01/2021

نه‌وا
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، قۆناغی دووەمی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، كە تەواوی مووچەخۆران دەبنە خاوەن ژمارەی بانكی و هەروەها فەرمانبەران و هاووڵاتیانیش دەبنە خاوەن ناسنامەی ئەلیكترۆنی.
هیوا فەرزندە ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌، "قۆناغی دووەمی بایۆمەتری دەستی پێ كردووە كە تەواوكەری قۆناغی یەكەمە و،‌ بریتیە لە دروستكردنی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنیانەی كە حكوومەت پێویستی پێیانە، بۆ نموونە ژمێریاریی ئەلیكترۆنی و سیستەمی میلاكاتی ئەلیكترۆنی و بەردەوامبوون لە تۆماری ئەو خەڵكەی كە دەستبەكار دەبن لە حكوومەت، هەروەها بۆ ئاسانكاری لە كاتی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئێستادا سەرقاڵی دروستكردنی ناسنامەی ئەلیكترۆنی و ژمارەی بانكین بۆ مووچەخۆرانی حكوومەتی هەرێم، كە دەبێتە ناسنامەیەكی دیجیتاڵی بۆ فەرمانبەر، بۆ ئەمەش وای بۆ دەچم تا ناوەڕاستی یان كۆتایی مانگی ئادار ئەم پرۆسەیە‌ تەواو بێت".
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی: "لە هەمان كاتدا سیستەمەكانی حیساباتی ئەلیكترۆنیش لە جێبەجێبووندان و دوای تەواوبوونیشیان حكوومەت  بڵاویان دەكاتەوە".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "مووچەخۆرانی حكوومەت بەشێكی بچووكی دانیشتووانی هەرێمن و، پلانی حكوومەت خزمەتكردنە بە دانیشتووانی هەرێم، بۆیە ناسنامەی ئەلیكترۆنی بۆ هاووڵاتیانیش دروست دەكرێت، واتا گشت دانیشتووانی هەرێم لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبنە خاوەن ئەو ژمارە ئەلیكترۆنییە تایبەتە، هەروەك سەرۆكی حكوومەت لە كردنەوەی پڕۆژەی مۆڵەتی شۆفێری و تۆماری ئۆتۆمبێلەكان باسی لەوە كرد، هەموو دانیشتوویەكی هەرێم دەبێتە خاوەن ناسنامەیەكی ئەلیكترۆنی دواتریش تەواوی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان جێبەجێ دەكرێن و بەردەست دەبن، بۆیە پرۆسەیەكی بەردەوامە و كاتی پێ دەچێت، بەڵام لە ماوەیەكی نزیك روو دەدات، بۆ ئەمەش وای بۆ دەچم تا ساڵی 2022 هاووڵاتیانیش ئەو ناسنامە ئەلیكترۆنییەیان پێ دەدرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group