نەوا-
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، داوای دەستبەجێ ئازادكردنی ئەو خوێندكارە كچانە دەكات كە زیاتر لە 300 خوێندكارن و لە نەیجیریا رفێنراون.
وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە: ناوبراو داوا دەكات دەستبەجێ و بەبێ مەرج ئەو خوێندكارە كچانەی لە نەیجیریا رفێنراون ئازاد بكرێن و بگەڕێنرێنەوە بۆ كەسوكاریان.
ئاماژەی بەوەشداوە: هێرشكردنە سەر قوتابخانەكان و دامەزراوە فێركارییەكان پێشێلكردنی مەترسیداری مافەكانی منداڵان و مرۆڤە.
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان داواش لە دەسەڵاتدارانی نەیجیریا دەكات هەموو هەوڵێكیان بدەن بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە رادەستی دادگا بكەن.
هەینی رابردو لە شارۆچكەیەكی ولایەتی زامفارا لە باكوری خۆرئاوای نێجیریا گروپێكی چەكدارانی نەناسراو 317 كچە خوێندكاریان رفاند و سەرەڕای هەوڵ و گەڕانەكانی پۆلیس و سوپا تائێستا چارەنوسیان نادیارە.