دۆسیەی ئەمنی 5 پارێزگای عێراق دەدرێتە وەزارەتی ناوخۆ

16/05/2021 عێراق

نەوا-
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی پرۆسە هاوبەشەكان ئاشكرایكرد، وەزارەتی ناوخۆ دۆسیەی ئەمنی 5 پارێزگا وەردەگرێت، دواتریش دۆسیەی چەند پارێزگایەكی تریشی رادەست دەكرێت.
تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی وتووە، وەزارەتی ناوخۆ دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكانی بابل، دیوانییە، موسەنای وەرگرتووە و دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكانی نەجەف و واستیش وەردەگرێت، ئەو دوو پارێزگایەی كۆتایی سەقامگیری ئەمنییان هەیە.
رونیشیكردووەتەوە، وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی ناوخۆیی پارێزگاكان لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی سەركردایەتی پرۆسە هاوبەشەكانە بە رێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، دوای تەواوبوونی بڕیارەكانی وەزارەت دۆسیەی ئەمنی چەند پارێزگایەكی تریش وەردەگرێت.
وتەبێژی پرۆسە هاوبەشەكان جەختیلەوەشكردووەتەوە، دواتر پرۆسەی رادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و ئەنباریش بەڕێوە دەچێت، لەئێستاش پێویستە ئەو دۆسیەیە لە چەند پارێزگایەك لەدەستی سوپادا بێت تا ئەو كاتەی هێزە ناوخۆییەكان ئامادە دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group