ئێران.. ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن راگەیەنرا

19/06/2021 جیهان

نەوا-
ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران راگەیەنرا و لە كۆی نزیكەی 28 ملیۆن دەنگ كە جیاكراونەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی زیاتر لە 17 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
ناوەندی هەڵبژاردنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئێران بڵاویكردەوە، لە كۆی نزیكەی 28 ملیۆن  دەنگ كە جیاكراونەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی 17 ملیۆن و 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، كە موحسین رەزایی زیاتر لە 3 ملیۆن دەنگ، عەبدولناسر هیمەتی زیاتر لە 2 ملیۆن و ئەمیرحسێن قازیزادە زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە.
پێش راگەیاندنی ئەو ئەنجامە سەرەتاییە هەر یەك لە موحسین رەزایی، عەبدولناسر هیمەتی و ئەمیرحسێن قازیزادە لە سێ پەیامی جیاجیادا پیرۆزباییان لە ئیبراهیم رەئیسی كاندیدی بنەماخوازان كردووە بە بۆنەی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكەدا. 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە 59 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە حزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە ناوخۆ و دەرەوە بایكۆتی پرۆسەكەیان كردبوو، وەك میدیاكان و چالاكوانانی ئێرانی رایانگەیاندووە، رێژەی بەشداری هاوڵاتیان زۆر كەم بووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group