ژمارەی برسییەكانی جیهان بەرزدەبنەوە بۆ 41 ملیۆن كەس

19/06/2021 جیهان

نەوا-
بەرنامەی خۆراكی جیهانی پێشبینی دەكات، ژمارەی ئەوانەی مەترسی برسێتییان لەسەرە تا كۆتایی ئەم مانگە لە 34 ملیۆنەوە بەرز ببنەوە بۆ 41 ملیۆن كەس لە جیهاندا.
بەرنامەی خۆراكی جیهانی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، پێشبینی ئەوە دەكرێت ژمارەی ئەو كەسانەی كە مەترسی برسێتییان لەسەرە و لەئێستاش 34 میۆن كەسن لە جیهاندا، تا كۆتایی مانگی حوزەیران بەرز ببنەوە بۆ 41 ملیۆن، بەبێ‌ هاوكاری خۆراكی راستەقینە ئەو ژمارە مرۆڤە روبەڕوی برسێتی راستەقینە دەبنەوە.
ئەوەش هاتووە، دوور نییە برسێتی بەهۆی كێشمەكێشەكان و گۆڕانكارییە ژینگەییەكان و كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا، ببێتە راستییەك لای ملیۆنان كەس، هەروەك باسی لەوەشكردووە: زیاتر لە 270 ملیۆن كەس بە شێوەیەكی قورس كێشەی ئاسایشی خۆراكیان هەیە.
بەرنامەكە جەختیلەوەشكردووەتەوە، بۆ رێگەگرتن لە برسێتی و دابینكردنی خۆراكی بەپەلە بۆ ئەو كەسانەی مەترسیان لەسەرە، پێویستیان بە 5 ملیار دۆلار هەیە لەمساڵدا، ئەوەش یەك لەسەر سێی پێویستیەكان دابین دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group