بافڵ تاڵەبانی: ئێمە لە یەکێتی نوێ بەگرنگییەوە لە کاری پەرلەمان دەڕوانین

29/07/2021

نەوا
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد، ئەو بەربەستانەی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانی سەرۆکی پەرلەمان دروستکرابوون، نەهێڵراون.
بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەکەی بافڵ تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی پشتگیری یەکێتی لە تیمی پەرلەمان و حکومەت و ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتر لەنێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی ھاووڵاتییانەوە ھەیە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، "ئێمە لە یەکێتی نوێ بەگرنگییەوە لە کاری پەرلەمان دەڕوانین و وەک باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی چاودێری، پشتیوان و ھەماھەنگ دەبین تاوەکو سەربەخۆیانە کارەکانی بکات و ئەو بەربەستانەشی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانتان دروستکرابوون نەھێڵران".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "هاوسەرۆکی یەکێتی ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکیشی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دووپاتکردەوە رایگەیاند، ئیتر رێگرییەکان نەمان و ھەموو کاروبارێکی حیزبی و نوێنەرەکانمان لە دەسەڵاتەکاندا دەبێت بەڕێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات، کە ئەویش رێگای خزمەتکردن و سیاسەتکردنی تەندروستە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group