باڵیۆزی ئێران لە بارەی هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان وڵاتەكەی و عێراق روونكردنەوە دەدات

13/09/2021 عێراق

نەوا
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان وڵاتەكەی و عێراق، تەنها ئەو گەشتیارانە دەگرێتەوە كە بە فڕۆكە هاتووچۆ دەكەن.
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا رایگەیاندووە: تەنیا ئەو گەشتیارانەی بە فڕۆكە لە نێوان ئێران و عێراق هاتوچۆ دەكەن، ڤیزایان لەسەر هەڵدەگیرێت.
رونیشیكردۆتەوە: جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكەوێتە دوای كۆتاییهاتنی رێوڕەسمەكانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن.
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئاماژەی بەوەش كردووە، كە رەنگە دوای كۆتاییهاتن و كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا، ڤیزا لەسەر ئەو گەشیارانەش هەڵبگیرێت، كە بە رێگەی وشكانی لە نێوان ئێران و عێراق هاتوچۆ دەكەن.
رۆژی یەكشەممە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی كرد و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكە رەئیسی رایگەیاند: رێككەوتوون لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لەسەر گەشتیارانی وڵاتەكانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group