گەشتوگوزاری هەرێم: هاتنی گەشتیار 36% زیادی كردووە

27/09/2021

نەوا-
ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە 8 مانگی ئەمساڵدا دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لەچاو هەشت مانگی ساڵی رابردوو 36% زیادی كردووە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانیش 30%ی دەرچوان دادەمەزرێنێت.
ئەمەل جەلال بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، لەمساڵدا گەشتیاری لە هەرێم بوژاوەتەوە ئەویش لەسەر هەموو ئاستەكان و ژمارەی گەشتیاران دوو ملیۆن و 500 هەزار بووە لە 8 مانگی ئەمساڵدا، ئەوەش واتای ئەوەیە لەچاو هەمان كاتی ساڵی رابردوو 36% زیادی كردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێشبینی دەكەن ژمارەكە تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە 3 ملیۆن گەشتیار و بەو ژمارەیەش قەرەبووی ئەو زیانە دەكەنەوە كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا تووشی كەرتی گەشتیاری بوو.
لای خۆیەوە خەندە محەمەد بەرپرسی پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بەهەمان سەرچاوەی وتووە، بەڕێوەبەرایەتییەكە بڕیاریداوە بە دامەزراندنی 30%ی ئەو كەسانەی كۆلێژ و پەیمانگا و ئامادەییە گەشتوگوزاریەكانیان لە سلێمانی تەواو كردووە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، ناوچەی گەشتوگوزاری نوێی گەورە لە دەرەوە و ناوەوەی شار و لە شاخ و دەشتەگاندا دەكەنەوە، تائێستاش ژمارەی گەشتیارانی سلێمانی لەمساڵدا گەیشتووەتە یەك ملیۆن گەشتیار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group