عەلی حەمەساڵح: دەکرێت بە مانگێک کێشەی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکرێت

17/10/2021

نەوا
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: بۆ چارەسەری گرانبونی بەنزین لەمانگێکدا پێشنیاز دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 100 ھەزار بەرمیل لەو نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەکات، بیدات بە پاڵاوگەکانی کەڵەک، بازیان و لاناس.

 لە نوسینێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە گرانبونی نرخی بەنزین و نەوت و گازوایل پەیامێکی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردوە و رایگەیاندوە، "نرخی سوتەمی بەشێوەیەکی بەرچاو گراندەبێت، ئەم پێشنیارەی بۆ چارەسەری ئەم گرفتە دەیخەمەڕوو، پێشتریش چەندین جار بۆ حکومەتم ناردوە، بەبێ ھیچ پشتیوانییەکی دارایی دەتوانرێت بە کوالێتییەکی باش سوتەمەنیەکی باش دابینبکرێت".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "هۆکاری گرانبونی بەنزین ئەوەیە بەشی ھەرە زۆری سوتەمەنی لەدەرەوە دێت، پاڵاوگە نەوتی خاو بە نرخی جیھانی دەکڕێت و قازانجی لێوەردەگرێت، قازانجی بازرگان و گومرگ و تێچوی گواستنەوە ھەموی دەچێتە سەر نرخی سوتەمەنی و ئەو بەنزینەی جاران لە ئێرانەوە دەھات، بەو شێویە نەماوە".

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویشیەتی، "ھیچ حوکمڕانیەک نیە لە دونیادا پاڵاوگەی ھەبێت  نەوتی خاوی ھەبێت، بەڵام نەوت نەپاڵێوێت و ساڵانە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار بۆ کڕینی سوتەمەنی بچێتە دەرەوە!، هەروەها سێ پاڵاوگەی نەوت ھەن لە کوردستان(کەڵەک " کار" ، بازیان "قەیوان" و لاناس، توانای پاڵاوتنی 240 ھەزار بەرمل نەوتیان ھەیە لە ڕۆژێکدا، کار 175 ھەزار بەرمیل و قەیوان 40 ھەزار بەرمیل و لاناس 30 ھەزار بەرمیل، کە نزیکەی دو ھێندەی پێداویستی خەڵکی کوردستانە. بەڵام لە ئێستادا تەنیا پاڵاوگەی کار 25 ھەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و بەرھەمەکەی ڕۆژانە نزیکی ملیۆنێک لیترەو ئەویش بە چەند بەنزینخانەیەک لە ھەولێر دەدرێت! کار بەتەنیا دەتوانێت کێشەی سوتەمەنی چارەسەر بکات."

راشیگەیاندوە، بەبێ ئەوەی حکومەت پشتیوانی بکات، تەنیا ئەم خەرجیانە بگەڕێتەوە بەسە بۆ ئەوەی نرخی بەرھەمە نەوتیەکان دابەزێت و بە کوالێتیەکەشی باشتر بێت. ئەوانیش "یەک: کرێی بۆری بۆ ھەر بەرمیلێک بەنرخی ئێستا 12 دۆلارە، دەگەڕێتەوە. دو: داشکاندن لەو نرخی نەوتەی کە دەکڕێت، کە ھەرێمی کوردستان 12 دۆلار کەمتر لە برێنت دەیفرۆشێت. سێ: گەڕانەوەی قازانجی بازرگان و تێچووی گواستنەوەو گومرگ و رسوماتی کۆمپانیا. بۆیە ھیوادارم تەنیا مانگێک کار بەم پێشنیار بکرێت، بە پاڵاوتنی 100 ھەزار بەرمیل نەوت دەستی پێبکرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group