تەلەفزیۆنی فەرمی توركی: هەوڵێكی تیرۆرستی لە گردبونەوەیەكی ئەردۆغان شكستی پێهێنرا

05/12/2021 جیهان

نەوا-
تەلەفزیۆنی فەرمی توركیا ئاشكرای كرد، هەوڵێكی بە ئامانج گرتنی میهرەجانێكی وتاردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان شكستی پێهێنراوە كە لە رێگەی بۆمبێكەوە هەوڵی ئەوە دراوە میهرەجانەكە یاخود ئەردۆغان خۆی بكرێتە ئامانج.
تەلەفزیۆنی فەرمی توركیا لە هەواڵێكدا بڵاویكردووەتەوە، هەوڵی كردەوەیەكی تیرۆرستی لە میهرەجانی وتاردانی ئەردۆغاندا لە ولایەتی "سیرت" دراوە.
رونیشكراوەتەوە، بۆمبێكی چێنراو لەژێر ئۆتۆمبێلی یەكێك لە ئەفسەرەكانی پۆلیسدا دانراوە و هەوڵی بە ئامانج گرتنی میهرەجانەكە یاخود خودی ئەردۆغان دراوە، بەڵام شكست بە هەوڵەكە هێنراوە و بۆمبەكە پوچەڵ كراوەتەوە.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەكانی هەواڵی توركیا لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویان كردووەتەوە، ئەفسەرەكە یەكێك بووە لە بەشدارانی پاراستنی رێوشوێنەكان و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group