پەرلەمانتارێك: چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی رێكخستنی نێو ماڵی كوردی دەدات

29/05/2022

نەوا-
محەمەد زیادی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی یەكخستنی نێو ماڵی كوردی دەدات، تاوەكو كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكەن.
زیادی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ یەكخستنی ماڵی كورد و رێكەوتن بۆ تێپەڕاندنی یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
وتوشیەتی، چەقبەستوویی سیاسی بەردەوامە و هیچ هەوڵێكی ئاشكرا لەلایەن هیچ لایەنێكەوە نییە بۆ دەرچوون لێی و چوون بەرەو پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، گەورەترین كێشە لە ئێستادا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە، زۆرینەی فراكسیۆنەكان هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی دەدەن بۆ تێپەڕاندنی پاڵێوراوێكی پۆستی سەرۆك كۆمار، بۆ ئەوەی دواتر سەرۆك وەزیران دیاری بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group