سەدر: مانگرتن تاوەكو هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەردەوام دەبێت

04/08/2022 عێراق

نەوا-
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عیراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتەوە، داواش دەكات مانگرتن تاوەكو جێبەجێكردنی ئەو داوایانە بەردەوام بێت.
سەدر لە وتەیەكدا ئاماژەی بەوەدا، شۆڕشی ئێستا لە پێناو دەسەڵاتدا نییە، تاوەكو ئێستا بڕیاری نەداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات یاخودنا، دەیویست حكومەتێكی نیشتمانی پێكبهێنرێت.
رونیشیكردووەتەوە، ئەوەی دەیەوێت ئەو بكوژێت وەك لە تۆمارە دەنگیە دزەپێكراوەكاندا هاتووە هیچی نییە بۆیان جگە لە هیدایەت، ئامادەیی تەواوی تێدایە لەپێناو چاكسازی شەهید ببێت، هەرگیز بە خوێنڕشتن رازی نەبووە و نابێت.
رێبەری رەوتی سەدر لە بەشێكی تری وتارەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە، نەیوتووە رەوتی سەدر لەسەروو گومانەكانەوەیە و شۆڕش گەندەڵكارانی رەوتەكەی جیاناكاتەوە، بوونی ئەو وەك هەل بەكاربهێنن بۆ كۆتایی هێنان بە گەندەڵی، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەكات و مانگرتن تاوەكو جێبەجێكردنی ئەو داوایانە بەردەوام دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group