خامەنەیی بۆ سودانی: ئاسایشی عیراق واتە ئاسایشی ئێران

29/11/2022 عێراق

نەوا-
لەچوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەیدا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق چاوی بە عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران كەوت.
لەو دیدارەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق سوپاسی ئەو وڵاتەی كردوە بۆ پشتیوانییەكانی لە عیراق و پشتیوانییەكانیان لە شەڕی دژی داعش و بەردەوامی ئەو هاوكارییانەشی بۆ بنبڕكردنی تیرۆر و توندڕەوەكان و بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەكان بە پێویست زانیوە.
سودانی راشیگەیاندوە، حكومەتی عیراق پابەندە بە دەستورو كە رێگری دەكات عیراق بكرێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی.
لەلایەن خۆشیەوە خامەنەیی پیرۆزبایی لە سودانی وەك سەرۆك وەزیران كردوەو رایگەیاندوە، عیراق وڵاتێكی فەرە سەرچاوەیە گەلەكەی شایستەی ژیانێكی سەقامگیرو خزمەتكردنن، جەختیشیكردۆتەوە، ئاسایشی عیراق واتە ئاسایشی ئێران و داوای لەگەلی عیراق كردوە زیاتر ریزەكانیان یەكبخەنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group