داهاتی مانگی رابردوى نەوت زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بوە

01/12/2022 عێراق

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماری سەرەتایی هەناردەكردنی نەوتی خاو و داهاتەكەی بۆ مانگی رابردو بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی نەوتی عیراق كە كۆپیەكی بۆ رادیۆی نەوا نێردراوە تیایدا هاتوە، وەزارەتەكەیان لەمانگی 11ی رابردودا بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق سۆمۆ، بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو 99 ملیۆن و 867 هەزارو 946 بەرمیل بوە كە داهاتەكەی گەیشتۆتە 8 ملیارو 231 ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عیراق راشیگەیاندوە، بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشورەوە 97 ملیۆن و 204 هەزارو 696 بەرمیل بوەو  لە كێڵگەی كەركوكەوە بۆ بەندەری جەیهان گەیشتۆتە 2 ملیۆن و 363 هەزارو 20 بەرمیل نەوت.
راشیگەیاندوە، تێكڕای هەناردەكراوی رۆژانەی نەوت گەیشتۆتە 3 ملیۆن و 329 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەنرخی زیاتر لە 82.417 دۆلار بەهەر بەرمیلێك.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group