مەلا یاسین: پرۆژە ستراتیژیەكانی سلێمانی ترلیۆنێك و 100 ملیار دیناریان پێویستە

15/12/2022

نەوا -
مەلا یاسین مەحمود وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت، بۆ تەواوكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكانی سلێمانی تریلیۆنێك و 100 ملیار دیناریان پێویستە.
 مەلا یاسین بە میدیای پارتی وتووە، داهاتە نێوخۆییەكانی سلێمانی زیادیانكردووە، بەڵام زۆربەی بۆ موچە دەڕوات و دەبێت پارەی دیكەشی لەسەر دابنرێت تاوەكو موچەی موچەخۆران بەردەست بێت، بەڵام لەرووی پرۆژەكانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانەوە دۆخی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خراپە.
رونیشیكردووەتەوە، لە كۆی نزیكەی 3 هەزار پرۆژە كە وەستاون، هەزار و 870یان لە سلێمانی و هەڵەبجەن، رێژەی 70٪یان پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتن و بەهۆی خەرجنەكردنی پارە بۆیانەوە ناكەونەوە سەركار، بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەزار و 50 كۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەر لە سلێمانی و هەڵەبجە مایەپووچ بوون.
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنان وتوشیەتی، هەولێر و دهۆك باشترن و وەكو سلێمانی نین، وەبەرهێنەر و بەڵێندەر هەن چوونەتە دەرەوە و بەشێكیان هەڵاتوون، بەشێكیان ناوێرن بچنە ناو خەڵك، چونكە بەشێكی زۆریان مایەپووچ بوون و پارەی خەڵكیان لایە و ناتوانن بیدەنەوە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەگەر مانگانە بڕی 100 ملیار دینار بۆ پرۆژەكانی سلێمانی خەرج بكرێت، ئەوا لە ماوەی 3 مانگدا بەشێكی باشی پرۆژەكان دەكەونەوە گەڕ، چونكە پڕۆژەیان هەیە 100 ملیۆن دیناری پێویستە، پڕۆژەشیان هەیە 100 ملیۆن دۆلاری پێویستە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group