ڕاستەوخۆ

کوردی

عربي

نەوا میوزیك

تارق نوری: چی شەقاوە و بكوژە لە هەولێر دەستگیركراون

10/08/2018
بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی‌ هەولێر رایگەیاند كە هەولێر لە ''عەسابە و گرووپی مافیا'' پاك كراوەتەوە و تا ئێستا 150 تۆمەتباریان دەستگیر كردووە، ئاماژەشی‌ بەوەدا كە بە شێوەی لابەلا پێنج تا شەش  قۆمارخانە ھەبوون، دەستیان بەسەردا گرتوون و كەلوپەلەكانیان لای ئاسایشە و خاوەنەكانیشیان خراونەتە زیندانەوە.
تارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاندوە، "ماوەكانی رابردوو دوای ئەوەی حاڵەتی كوشتن و ھەلگرتنی چەكی بێمۆڵەت زیادی كردبوو، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ژوورێكی عەمەلیات دروست كراوە و ھێزەكانی ئاسایش ھاوكاریی ھێزە ناوخۆییەكانی دیكەی حكومەت دەكەن بۆ ئەوەی رێگری لە ھەر بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە بگرن، لەو چوارچێوەیەدا ھێزەكانمان لە سنووری ھەولێر توانیویانە دەست بەسەر بڕێكی زۆری چەك و ئۆتۆمبێڵدا بگرن. لەو ماوەیەدا 150 كەسمان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر كردوون، ھەروەھا 200 ئۆتۆمبێڵی بێ تابلۆ و پارچە چەكدا دەستیان بەسەردا گیراوە".
بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی‌ هەولێر دەڵێت: "ھەموو ئەو كەسانەی بە تۆمەتی ھەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت و تۆمەتی جیاواز دەستگیر كراون رادەستی دادگا كراون، ئەوەشمان بە دادگا رایگەیاندووە كە نابێت ئەو تۆمەتبارانە لە كاتی ساغبوونەوەی تۆمەتەكانیان بە كەفالەت ئازاد بكرێن، چونكە زۆربەی دەستگیراوان پێشتر چەندان جاری تر دەستگیر كراون و لە رێگەی دادگاوە بە كەفالەت ئازاد كراون".
وتیشی‌: "پێشتر خەڵكێك ھەبوون وەك عەسابە باجیان لە خەڵك وەردەگرت، بە تایبەتی لە خاوەن كافتریاكان، كە زۆر جار داوای پارەیان لێ دەكردن و ئەگەر نەیاندابانێ كێشەیان دەنایەوە؛ ئەوانە چەند گرووپێك بوون و ھەموویشیان دەستگیر كراون و ئێستا لە زیندانن".
بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی‌ هەولێر باسی‌ لەوەشكرد كە "راستە چەندین كەسی تۆمەتبار بە تاوانی كوشتن ھەبوون و پێشتر لە شەقامەكان دەسوڕاونەتەوه.. ئێمە لە درێژەی ھەڵمەتەكەماندا ھەموویانمان دەستگیر كردوون، واتە بە كورتییەكەی شەقاوە و عەسابە و قاتل و.. ھەموویان دەستگیر كراون".
ئاماژەشی‌ بەوەدا كە "ئێستا بە دوای ئەو كەسانەوەین كە تەقەیان كردووە، ھەركەسێك رۆژێك لە رۆژان تەقەی كردبێت دەستگیری دەكەین و رێگەش بە ھیچ كەسێك نادەین یاسا پێشێل بكات. تەقەكەر مەبەستمان لەوانەیە كە لە دوو مانگ لەمەوبەرە هەرھاووڵاتییەك ھەر لە خۆیەوە بەبێ ھۆ تەقەی كردبێت، دەستگیری دەكەین".

تارق نوری ئەوەشی‌ خستەڕوو كە "ئەركی سەرەكیمان وەك ئاسایش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەو ھەڕەشانەن كە دەبنە ھۆی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ماوەیەكە ھاوكاریی ھێزەكانی پۆلیس دەكەین، تا ئەو كاتەی پێویستیان بە ئێمە ھەبێت، بەردەوام دەبین و رێگەش نادەین ھیچ كەسێك ماف بە خۆی بدات لە سەرەوەی یاسا بێت و ھەست بكات كەس لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناكات، بەڵێ ئەركی ئێمە وەك جیھازی ئاسایش زۆر گرانترە لە ئەركی برایانمان لە ھێزەكانی پۆلیس، بەڵام لەگەڵ ئەوانیش ھاوكار دەبین".

سەبارەت بە قومارخانەكان-یش، بەڕێوەبەری‌ ئاسایشی‌ هەولێر رایگەیاند كە "قومارخانە لە ھەرێمی كوردستان مۆڵەتی پێ نادرێت بەھیچ شێوەیەك، بەڵام بە شێوەی لابەلا پێنج تا شەش  قۆمارخانە ھەبوون، ئێمە دەستمان بەسەر قۆمارخانەكاندا گرتووە و كەلوپەلەكانیان لای ئاسایشە و خاوەنەكانیشیان دەستگیر كراون و خراونەتە زیندانەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group