قائیمقامیەتی سلێمانی بەرهەمێك لەناودەبات كە مەترسیدارە بۆ شێرپەنجە

پێش 4 هەفتە

نەوا-
دوای بەدواداچونی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و ئەنجامدانی پشكنین بۆ جۆری شامپۆیەك، بڕیاری لەناوبردنی دراو مەترسی توشبون بە شێرپەنجەی لێكراوە.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی هەبونی ئەو مادانەی كە مەترسی توشبونی شێرپەنجەیان لێدەكرێت، بڕێكی زۆر لە شامپۆی جۆری (بریم لێس) لەناودەبرێت ئەوەش دوای بەدواداچونی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت بۆ جۆری شامپۆكە و رێگریكردن لە فرۆشتنی دوای ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی.
كەیوان خەلیل نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری لە قائیمقامیەتی سلێمانی باسی لەوەكردوە، دوای بەدواداچون بۆ سكاڵای ئەو هاوڵاتییەی كە بەهۆی بەكارهێنانی شامپۆ چینییەكە ‌توشی دۆخێكی نەخوازراوی  تەندروستی بوە، توانرا لەسەرجەم ماركێت و شوێنەكانی فرۆشتندا رێگری لە فرۆشتنی بكەن كە گومانی لێكراوە لە ئەگەری بەكارهێنانیدا زیان بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت.
رونیشیكردۆتەوە، لەژێر چاودێری قائیمقامیەتی سلێمانی پشكنینی تاقیگەیی بۆ ئەو جۆرە شامپۆیە ئەنجامدراوەو لە ئەنجامدا دەركەتوە لە پێكهاتەكانی ئەو جۆرە شامپۆیەدا‌ دو مادەی سەرەكی هەن كە هۆكارن بۆ توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجەو‌ دەبێتە هۆی روشانی پێست و سوربونەوەو خوران و ئاوسان، بۆیە دەستی بەسەردا گیراو لەناودەبرێت.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group